عەتا جەماڵی | سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداریلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداری
گەڕانەوە بۆ وتارەکان
دیپلۆماسی · AJ-0002٥ خولەک خوێندنەوە

هاوپەیمانیی کورد و ئیسرائیل: چۆن و بە چ شێوەیەک؟

کاتێک پرسیارێک دەورووژێت، بەدڵنیایی دەکرێ بە چەندین شێوە لە چەندین دەروازەوە هەوڵی وەڵام دانەوەی پرسیاری مەبەست بدرێت. دەکرێ هەرکام لە وەڵامەکان یەکێک لە بۆشایی یان لاوازییەکانی وەڵامی پێش یان هاوتەنیشتی خۆی پڕ بکاتەوە. سەبارەت بە پرسیاری:…

هاوپەیمانیی_ئیسرائیل_کورد_چۆن_بە_چ_شێوازێک!؟

کاتێک پرسیارێک دەورووژێت، بەدڵنیایی دەکرێ بە چەندین شێوە لە چەندین دەروازەوە هەوڵی وەڵام دانەوەی پرسیاری مەبەست بدرێت. دەکرێ هەرکام لە وەڵامەکان یەکێک لە بۆشایی یان لاوازییەکانی وەڵامی پێش یان هاوتەنیشتی خۆی پڕ بکاتەوە. سەبارەت بە پرسیاری: هاوپەیمانیی ‎#کورد و ‎#ئیسرائیل، چۆن و بە چ شێوەیەک!؟ بەو ڕادەیەی پرسیارێکی ساکار و ورووژێنەرە، هاوکێشەیەکی ئاڵۆز، قووڵ، راچڵەکێنەر و پڕ مەترسیشە. بەڵام بەر لەوەی شرۆڤەی ئاڵۆزی و قووڵایی و راچڵەکێنەر بوون و مەترسیدار بوونەکەی بکەین، دەبێ یەکلا بووبێتینەوە سەبارەت بەوە کە ئایا پێویستە ئەو هاوپەیمانییە ڕوو بدات یان نا. بە بۆچوونی من یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی خۆ یەکلا کردنەوە لەم بابەتەدا ئەوەیە کە تەنیا بیر لە ئاست و قەبارەی قازانج و بەرژەوەندیی کوردستان لە ئەگەری روودانی وەها هاوپەیمانییەکدا بکەینەوە، نەک ئەوەی خۆمان بە قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلەوە لە ئەگەری ئەو هاوپەیمانییەدا سەرقاڵ بکەین. خاڵی بەڵگەنەویست ئەوەیە هەر هاوپەیمانییەک بە ئامانجی زیاترین دەستکەوت بە کەمترین تێچوو (لە سەر خۆ) روو دەدات. ئەمەش بۆ هەر دووک لایەن هاوپەیمان وەک یەکە. خاڵێکی دیکە کە دەبێ لەبیرمان بێت ئەوەیە کە، هەر کورد نییە کە پێویستی بە ئیسرائیل هەیە، بەڵکوو ئیسرائیلیش بەو ڕادەیە پێویستی بە کورد هەیە. ڕاستە کوردستان بێ دەوڵەتە و خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتەوە دەبینێت، بەڵام ئیسرائیلیش سەرەڕای ئەوە کە خاوەن دەوڵەتە، لە هیچ ڕۆژێکی مێژووی خۆیدا لەسەر سنوورەکانی خۆی بێ دوژمن نەبووە و تا ئەم چرکەساتەش هەر هەوڵی پاراستنی ئەو دەوڵەتە دەدات کە هەیەتی. پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل و هیچ دەوڵەتێک تەنیا بە هێزی سەربازی ناکرێت و ئیسرائیل زۆر بەباشی لەوە ئاگادارە. پەیمانی ئیبراهیم یەکێکە لە سەلمێنەرەکانی ئەم قسەیە. کەواتە مادام کورد لەپێناو خەونی دەوڵەتی کوردستان دا و ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا پێویستییان بە یەک هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەواتە مەترسیی قووت درانی کورد لەلایەن ئیسرائیلەوە نابەجێیە، ئەگەر هەڵسوکەوتی ژیرانە بکرێت. کورد دەشێ بەگوێرەی پێویستییەکانی خۆی میکانیزم بۆ قایم کردنی ئەو هاوپەیمانییە پێشنیار بکات. بەو ڕادەیە کە ئاڵقەی دەوری ئیسرائیل ئاگرە، ئاڵقەی دەوری کوردستانیش ئاگرە. بەو جیاوازییەوە کە کورد جیا لە ئاڵقەی ئاگری دەوری سنوورەکانی خۆی، دەتوانێ بە مەرجی هەڵەی ستراتیژیک ئەڵقەی ئاگری دەوری ئیسرائیلیش لە خۆی بهاڵێنێ. کەواتە سەرەڕای زەروورەتی هاوپەیوەندی و هاوپەیمانی، کورد پێویستە لە ژیرانەترین میکانیزمە سیاسییەکان لەم دۆخەدا کەڵک وەربگرێت. لێرەدا ماهیەت و ناوەڕۆکی پەیمانی ئیبراهیم دەتوانێ رێ رووناک کەری کورد بێت بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەوەی نەتەوەیەکی ناعەرەب و بەشێوەی سروشتی سێکیوولارە، کەڵکی پێچەوانە لە کەیسی فەلەستین وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەگەری روودانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا لەسەر بنەمای پێویستیی کوردستان و حەزی ئیسرائیل ڕوو نەدات. بەڵکوو کورد پێویستە پێشان بدات لە کەیسی فەلەستین دا بێلایەنییەکی ستراتیژیک دەگرێتە بەر نەک لایەندارییەکی راشکاوانە. بێلایەنییەک کە دەشێ بە بزوێنەری بەرژەوەندیی کوردستان بارگاوی بکرێت. لە پەیمانی ئیبراهیم دا، سەرکەوتنی ئیسرائیل لەسەر سێ پێ وەستاوە. یەکەم پێویستیی لەرادەبەدری ئەندامە عەرەبەکان بە توانای زانستی و تەکنۆلۆژیای ئیسرائیل، دووهەم ویستی ئیسرائیل بۆ جێگۆرکەی شەرانخێویی عەرەبی لە دژی خۆی بە بەرژەوەندیخوازیی عەرەبی لە قازانجی خۆی، سێهەم بێ واتا کردنی کەیسی فەلەستین لە روو دانی ئەو هاوپەیمانییەدا. کورد نابێ هیچ چەشنە هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ ئیسرائیل پێک بهێنێت کە کەیسی فەلەستین تیایدا بێ واتا کرابێت. نەک لەبەر ئەوەی فەلەستین وەک پرسێکی ئایدیۆلۆژیک بۆی گرینگ بێت، بەڵکوو دەبێ لە مەرج و بنەماکاندا دەخیل نەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بێلایەنییە ستراتیژیکەی کوردستان وەک ماتەوزەیەکی سیاسیی بەردەوام بمێنێتەوە. خالێکی گرینگی دیکە هەڵسوکەوتی کوردە لەگەڵ دۆخێک کە دەتوانێ بە سەرنج دان بە ئاڵقەی ئاگری دەوری کوردستان، هاوپەیمانی و هاوپەیوەندیی ڕاشکاو و ئاشکرا وەک قوبحێکی هەرێمی سەیر بکرێت. کورد ئەگەر بەشێوەیەکی ئیرادەگەرایانە گەرەکی بێت ئەو قوبحە بشکێنێت، لە ئەگەری توونا بوون زۆر نزیکتر دەبێتەوە. بۆیە دەبێ هەر لە بازنەی هاوپەیمانیی ئیسرائیل-کورد دا کەڵک لە میکانیزمی جێگرەوەی بەهێزی دیکە وەربگرێت، کە ئەویش نەک خودی دەوڵەت و دامودەزگای سیاسی و هەواڵگریی ئیسرائیل، بەڵکوو کەڵک لە لۆبیی ئیسرائیلی لە ناو دەوڵەت و دامودەزگای سیاسی، سەربازی و هەواڵگریی ئەمریکا وەربگرێت. ئەمە خالێکی جێگای سەرنجە کە پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا، کە پارێزەری سەرەکیی ئیسرائیلە، هیچ قوبحێکی نییە.