ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانپێنج خاڵ بۆ یەکڕیزی و گوتاری هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ماوەی رابردوودا هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە هەوڵێکی نێوخۆیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەبارەت بە پێکهێنانی دەزگا یان پلاتفۆرمێکی هاوبەش هاتۆتە ئاراوە کە بە بۆچوونی من لە دوو ئاستدا جێگای دڵخۆشی و نرخ پێدانە. یەکەم ئەوە کە لەم…
پێنج خاڵ بۆ سەرخستنی کارای هەوڵەکانی #یەکڕیزی و #گوتاری_هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان!
لە ماوەی رابردوودا هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە هەوڵێکی نێوخۆیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەبارەت بە پێکهێنانی دەزگا یان پلاتفۆرمێکی هاوبەش هاتۆتە ئاراوە کە بە بۆچوونی من لە دوو ئاستدا جێگای دڵخۆشی و نرخ پێدانە. یەکەم ئەوە کە لەم قۆناغەی ئێستای گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەجێگای هەوڵ و تەقەلا نەریتییەکان لایەنەکان بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە لایەنە تاکی و گرووپی و حیزبییە ئێرانییەکان بیر لە پێکهێنانی یەکەیەکی هاوبەشی کوردستانی دەکەنەوە. دووهەم ئەوە کە نیشان دەدات نایانهەوێ ئەزموونی شکست واتە ئەزموونی پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی دووبارە بکەنەوە. بەڵام بەپێویستی دەزانم، لە ئاستی هەست کردن بە بەرپرسیارێتییەکەوە کە وەک تاکێکی کوردستانی سەبارەت بە زەروورەتی پێکهاتنی یەکڕیزی و یەکدەنگیییەکی کارا و مانادار لەسەر شانی خۆم هەستی پێدەکەم چەند پێشنیارێک دەخەمە روو:
_1️⃣_: بەر لە هەموو شت پێویستە بابەتی پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکدەنگی لە ژوورە داخراوەکان دەرباز بکرێت و بکرێتە باسێکی گشتی لە چەند ئاستدا: : دەربڕینی ئامادەیی لایەنەکان بۆ پێشوازی کردن لە پرۆژە و پێشنیارگەلی دەرەوەی حیزبەکان، لەلایەن گرووپ و رێکخراوە کوردستانییەکانەوە سەبارەت بە رێکخستنی کۆڕ و کۆنفڕانس و سێمیناری تایبەت بە پرسی یەکڕیزی و دەنگ و گوتاری هاوبەش
: بە خزمەت گرتنی مێدیای لایەنە سیاسییەکان بۆ میوانداری کردن لە ئەندامان و بەرپرسانی لایەنەکانی دیکە و تاکەکانی دەروەی حیزبەکان بۆ قسە کردن لەسەر پرسی یەکڕیزی و گوتاری هاوبەش.
: وەگەڕخستنی سۆسیالمێدیای حیزبی بۆ بڵاوکردنەوەی را و بۆچوونی هەموو ئەو را و بۆچوونە ئەرێنییانەی لە بەستێنی گشتیدا سەبارەت بە پرسی یەکڕیزی و گوتاری هاوبەش بڵآو دەبنەوە.
_2️⃣_: بەر لەوەی هەر رەشنووسێک سەبارەت بە فۆرم و چوارچێوە و ناوەرۆکئ ی ئەو دەزگا یان پلاتفۆرمە لەلایەن حیزبەکانەوە، پێویستە کۆمیسیۆنێک لە کەسی یەکەمی هەموو لایەنە سیاسییەکان پێک بێت بۆ وەرگرتنی زیاتر لە یەک رەشنووسی پێشنیاری لەلایەن تاک و گرووپ و رێکخراوەکانی دەرەوەی حیزبەکانەوە بۆ ئەوەی پێکهێنانی وەها پلاتفۆرمێک بە بەشداریی راستەوخۆی خەڵکانی دەرەوەی حیزبەکانیش دابڕێژرێت.
_3️⃣_: بە هەموو شێوەیەک خۆ ببوێردرێت لە دەربڕێنی ئەو فۆرمە سیاسییەی کە هەر کام لە لایەنەکان وەک ئامانجی سیاسی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دیاریی کردووە. بەجێگای ئەوە سەرنجی سەرەکی لەسەر دوو واتای گشتیی رزگاریخوازی و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ دایاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی بکرێتە بنەمای ئەم هەوڵی یەکڕیزییە.
_4️⃣_: یەکلا بوونەوە لەسەر ئەوە کە هەر چەشنە دەزگا یان پلاتفۆرمێکی لەم چەشنە دامەزرێت بە هیچ میکانیزمێک هەتا کاتی گەیشتن بە سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵناوەشێتەوە، سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەشێ لە ئەنجامی گۆڕانکاریگەلی سیاسیدا بەبێ رووخانی کۆماری ئیسلامی یان لە پرۆسەیەکی درێژتر لە پاش رووخانی کۆماری ئیسلامی روو بدات. هەر چەشنە پەرتەوازەییەک بەر لە سەقامگیری دەتوانێ خەساری گەورە بە رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێت.
_5️⃣_: ئامادەیی ئەوە هەبێت کە باسی یەکڕیزی تەنیا لە ئاستی سیاسیدا نەبێت بەڵکوو لە ئاستی پێشمەرگانە و چەکداریشدا بە هاوئاست بچێتە پێش و باسێکی تەواو کراوە بێت بۆ گفتوگۆ لەسەر کردن.
ئەم پێنج خاڵ و وردە خاڵە پێشنیارییە تەنیا لەپێناو سەرخستنی هەوڵی یرکڕیزی و پێکهێنانی گوتاری هاوبەش و هەروەها سەلماندنی نیازپاکیی نەتەوەییە بەرانبەر هەوڵ و تێکۆشانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەو هیوایەی بە بایەخەوە سەرنجیان پێ بدرێت. لەم ئاراستەیەدا وەک تاک ئامادەیی هەموو چەشنە هاوکارییەکم هەیە لە سنووری تواناییەکانی خۆمدا. لەگەڵ رێز عەتا جەماڵی