ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانپۆپۆلیزمی دژەسەربەخۆیی و چەمکی سەروەری
چەمکەکان پەیوەستن بە کۆنتێکستەکانەوە. بۆ تێگەیشتن لە واتای چەمکێک پێویست بە گەڕان بە شوێن واتای رەگی ئەو وشەیە ناکات. چەمک وشەیەکی واتادار نییە، بەڵکوو دەفرێکە کە کۆمەڵە واتایەکی لۆژیکی، تێکتەنراو و لێکهەلپێکراویان تێڕژاوە. وەک بوخچە لێگۆیەک وایە…
پۆپۆلیزمی دژەسەربەخۆیی و کەڵکاوەژۆی چەمکەکان: بەراست #سەروەری چییە؟
چەمکەکان پەیوەستن بە کۆنتێکستەکانەوە. بۆ تێگەیشتن لە واتای چەمکێک پێویست بە گەڕان بە شوێن واتای رەگی ئەو وشەیە ناکات. چەمک وشەیەکی واتادار نییە، بەڵکوو دەفرێکە کە کۆمەڵە واتایەکی لۆژیکی، تێکتەنراو و لێکهەلپێکراویان تێڕژاوە. وەک بوخچە لێگۆیەک وایە کە دەبێ پەیوەندیی لۆژیکیی نێوان پارچە پێکهێنەرەکانی بدۆزرێتەوە و لێک هەڵپێکرێن. چەمک بیرهێنەرەوەی کۆمەڵەواتایەکە کە پێشوەختە تێگەیشتنەکان لێیان دروست بووە و تەنیا لە یەک هەلپێکراون. کەواتە کاتێک کەڵک لە چەمکێک وەردەگرین چاوەڕوانییەک لە بەردەنگ هەیە کە لەگەڵ ناوەڕۆکی چەمکەکە ئاشنا بێت. لە پۆلیمیکە رۆژانەکانی ناو سۆسیالمێدیای کوردی سەبارەت بە پرسی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان، کەسانی دژ بە پرسی سەربەخۆیی، زۆر جار کەڵک لە ریتۆریکێکی پۆپۆلیستی وەردەگرن کە پشت بە مانا هەستەکییەکانی چەمکێک دەبەستن کە خۆی وەک چەمک هیچ رەهەندێکی هەستەکی و ئیحساسیی لەبەردا نییە بەڵکوو بەتەواوی لەناو لۆژیکێکی سفت و سۆڵ و راستەوخۆدا جێ دەگرێت. لۆژیکێک کە پێناسە کراوە، یەکلا کراوەتەوە و یاسامەند کراوە و لە خۆی زیاتر هیچ مانایەک نادات: #سەروەری Sovereignty. کەڵک وەرگرتنی پۆپۆلیستی لەم چەمکە بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ پرس و هەروەها بیری سەربەخۆیی کوردستان، لە ڕێگەی بە نیشانە گرتنی مێنتاڵیتیی بندەستەکراویی مێژوویی مرۆڤی کوردەوە دەچیت بەڕێوە. بندەستەییەک کە نەک هەر لە ئاستی کۆ دا بەڵکوو تاک بە تاکی مرۆڤی کورد ئەزموونی راستەوخۆی لەگەڵ بندەستەییدا هەبووە و هەیە. هەر بەو هۆیەشەوە بچووک بوونەوە، سووک کران و بێ نرخ بوون یەکێک لە بیرەوەرییە مێژووییە درێژخایەنە تاکی و کۆییەکانی مرۆڤی کورد بووە. لەو بەستێنەدا ئەوانی ترێک کە بە مەبەستی فراوان کردنەوەی خاکی کۆنترۆڵکراو و بەروبوومی زیاتر و هێزی کار و سەربازی بەلاش و هاوکات خوڵقاندنی مەزنایەتی و هەستی سەردەستی بۆ خۆیان و لەوانیش زیاتر، پێکهێنانی دیوارێک لە مرۆڤی بێ نرخ لە بەرانبەر ئەو خەڵکانەی تر کە رەنگە بەهۆی مەیلی فراوانکردنەوەی خاک و دەستکەوتی دیکەش، رووبەروویان ببنەوە، هەمیشە ئامانجەکانیان لەڕێی چاندنی هەستی بندەستی و بچووکی و بێنرخی لە هەناوی تاک و کۆی کورددا جێبەجێ کردووە. پۆپۆلیزمی دژەسەربەخۆیی لێرەدا بەتایبەتی لە باس و پۆلیمیکە ئایدیۆلۆژیکەکاندا بەم چەشنە خۆ بە مەیداندا دەکات و لەبەرامبەر پێداگریی لایەنگرانی سەربەخۆیی لە #سەروەریی_نەتەوەیی (کە خۆی بە مانای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە) بەخێرایی دەگەڕێتەوە بۆ گرێی مێژوویی بندەستەیی و دەلێ: سەروەری هی #خەڵک نییە بەڵکوو هی دەوڵەتە. ئەمە بەو مانایە بەکار دەهێنرێت کە گوایە دەوڵەتێک ئەگەر لە کوردستانیش دامەزرێت ئەوا درێژەدەری هەمان ئەو سەروەرییە مێژووییەیە بەسەر تاک و کۆی کورددا و هیچ لە دۆخی مرۆڤی کورد ناگۆڕێ کەواتە بە دژایەتی کردنی دەوڵەت دەبێ سەروەری بگەڕێتەوە بۆ خەڵک! ئەم ئیدیعایە هەمیشە لە نائاگایی لە چەمکە تایبەتمەندەکانی وەک سەروەرییەوە سەر هەڵنادات بەڵکوو زۆربەی جار بەرهەمی ئاگایی سەبارەت بە بێئاگایی گشتییە لەو چەمکانە. لێرەدا تێکەڵکاری و ئاڵۆزکاندنی چەمکە تایبەتمەندەکان لە وشە باو و رۆژانەکان ئەو مەبەستە سەردەخات. بۆ وێنە هیچ جیاوازییەک لەنێوان سێ چەمکی(خەڵک، کۆمەڵگە و نەتەوە) ناکات و بەجێی یەکتر بەکاریان دەهێنێت. لە حاڵێکدا لە بابەتێکی سیاسیدا کە باسی سەروەری دەهێنێتە ئاراوە، خەڵک بە مانای ئاپۆڕای جەماوەر نییە بەڵکوو ئاماژە بە هەبوونێکی ژیاریی ناو چوارچێوەی یاسایی دەوڵەتێکە کە پەیوەندییەکانیان لە ڕێگەی یاساوە رێکخراوە و تەنیا لەناو دوو بەستێنی ئەرک و مافی شارۆمەندیدا باسی لێ دەکرێت. خەڵک نەتەوە نییە. لەبەر ئەوەی بنەماکانی لێکهەڵپێکرانی نەتەوەیی گرووپێکی مرۆیی ئەرک و مافی شارۆمەندی نین بەڵکوو ئەو دیاردە کلتووری، مێژوویی و سیاسییانەن کە هەستی هاوبەشی و یەکانگیری و هاوچارەنووسی لەنێوانیاندا دروست دەکات و لە ئاکامدا جۆرێک یەکەی تایبەتیان لێ دەخوڵقێنێ کە ژمارەیان لەسەر گۆی زەوی لە ٢٠٠ تێناپەڕێ. بەرینایی ئەم یەکەیە لەڕێگەی سنوورە سیاسییە دانپێدانراوەکانیەوە دەردەکەوێت نەک لەڕێی کلتوورە جیاوازەکەیەوە. هەبوونی ئەو سنوورە سیاسییە جیاواز و دانپێدانراوەیە کە هەبوونی سەروەری بۆ ئەو نەتەوەیە دیار دەخات. واتە سنوورەکانی ئیرادەی تەقەلای سیاسی بۆ گۆڕان و چاکسازی و تەنانەت شۆڕش بۆ تاک و کۆمەڵە بچووک و گەورەکانی #خەڵک دیاری دەکات. سەلمێنەری ئەوەش ئەوەیە کە خەڵکی هیچ وڵاتێک ئیمکانی دەستکاری کردنی یاسا و حکوومەتی وڵاتێکی دیکەی نییە، چونکە سنوورەکانی ئیرادە سیاسییەکەی دیاریکراوە.