عەتا جەماڵی | سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداریلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداری
گەڕانەوە بۆ وتارەکان
خاک و نیشتمان · AJ-0008٥ خولەک خوێندنەوە

سەبارەت بە ورمێ

ورمێ خاکی لە دابڕان نەهاتووی کوردستان، وەک یەکەیەکی جوگرافی-سیاسیی نەتەوەی کوردە، کە بەشێکە لە وێنەی زەینی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتخوازی کوردستاندا نەخشێنراوە. ئەوەیکە لە ئێستای دۆخی سیاسی نەتەوەیی کوردستان و هەر بەو پێیەش، ورمێ، زەروورەتێکی بێ…

سەبارەت بە #ورمێ

ورمێ خاکی لە دابڕان نەهاتووی کوردستان، وەک یەکەیەکی جوگرافی-سیاسیی نەتەوەی کوردە، کە بەشێکە لە وێنەی زەینی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتخوازی کوردستاندا نەخشێنراوە. ئەوەیکە لە ئێستای دۆخی سیاسی نەتەوەیی کوردستان و هەر بەو پێیەش، ورمێ، زەروورەتێکی بێ ئەملاوئەولایە، ئەوەیە کە پرسی "کوردستانیبوونی ورمێ" بە پرۆژەگەلی ورد و ژێر هۆشی کار لەسەر یەکلاکردنەوەی روخساری مادیی ئەو شارە وەک شارێکی کوردستانی بکرێت: _1️⃣_ پرۆژەگەلی ئامانجداری دیموگرافیک، بیناسازی، بازرگانی و ئابووری لەرێگەی هاندانی سەرمایەگوزاریی فرەڕەهەند سەرمایەدارانی کورد لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە لە ناو شاری ورمێ. _2️⃣_ کۆچی مەبەستداری پسپۆڕان و شارەزایانی کورد لە بوار گەلی جۆراوجۆردا بۆ ناو شاری ورمێ بەجێگای کۆچ بۆ تاران و شارە فارسەکان. _3️⃣_ دامەزراندنی ناوەند گەلی زانستی و توێژینەوەیی و داهێنان لە کەرتی تایبەتدا و بە خزمەتگرتنی توێژەرانی هاوکات غەیری کورد بە رێژەیەکی دیاریکراو لەسەربنەمای شایستەیی زانستی. _4️⃣_ بایەخدان بە زانینی زمانی کوردی لە دامەزراندندا نەک وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ دامەزراندن بەڵکوو وەک نمرەیەکی زیادە بۆ دیاریکردنی توانست و کواڵیفیکاسیۆن لە پرۆسەی دامەزراندندا بۆ هەر کارمەند و کرێکارێکی سەر بە هەر گرووپێکی ئەتنیکی و زمانی. (ئەم دەرفەتە تەنانەت دەکرێ لەرێگەی کۆرسگەلی ئامادەکراوی دیجیتاڵیشەوە بۆ خوازیاران و حەزیارانی کار کردن لەو کۆمپانیا و دامودەزگایانەشدا، بخوڵقێندرێت). _5️⃣_ پەرەپێدان بە کشتوکاڵیی پیشەیی لە گوندەکان و گرێدانەوەی کشتوکاڵیی پیشەیی گوندەکان بە پیشەسازیی شارییەوە کە بەرهەمی سەرمایەگوزاریی کوردستانی بن.

ئەم پێنج خاڵە دەکرێ لە مەودایەکی کاتیی پێنج هەتا دە ساڵەدا بەبێ هیچ هەرا و هوریایەکی سیاسی جێبەجێ بکرێت. ئەرگیۆمێنتی ئەرێنی بۆ قابیلی جێبەجێکران بوونی ئەم بیرۆکەیە ئەوەیە کە هەموو ئەم خاڵانە لە توێی رکابەریی بازاڕ و سەرمایەدا جێگیر دەبن نەک ئەوەی تەنیا پێویستیان بە گوتاری سیاسیی ڕوون و دەربڕدراو بێت.

لە دۆخی ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، یەک لە خاڵە هەرە گرینگ و جێ بایەخەکان ئەوەیە کە لە قووڵایی هەوڵە سیاسی و نەتەوەییەکاندا سەبارەت بە ورمێ، هیچکات لە پێگەی "هۆکاری سەقامگیری" و "پارێزەری پێکەوەژیانی ئاشتییانە" و "پارێزەری مافی هاووڵاتی بوون" دادەبەزن و لە بەرامبەریشدا هیچکات لە ناو شاری ورمێ دا کەڵک لە دەستەواژەی "پێکهاتەی نەتەوەیی" بۆ ئازەری و ئەرمەنی وەرنەگرن و لەپێناو سەلماندنی پێگەی بێلایەنی، ئازەری و ئەرمەنی بە هاوبەشی کورد لە خاوەندارێتی خاکی ورمێ نەزانن، واتە بەبێ دەربڕینی ئەوەی کە تەنیا کورد خاوەنی ئەو خاکەیە، هیچ ئاماژەیەک بە هاوبەشیی ئەو کەمینانە لەگەڵ کورددا لەسەر خاوەندارێتی خاکی ورمێ نەکرێت. وشەی "ئازەربایجان" بەشێوەیەکی ژێر هۆشی دەبێ بەتەواوی لە ئەدەبیاتی سیاسی و مێدیایی بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بسڕدرێتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سڕینەوەی بکرێت و هاوکات لە ئاماژە بە کوردستان دا، هیچکات وێنەیەکی وەها دروست نەکرێت کە گوایە "ورمێ" ناوچەیەکی کێشە لەسەر و دەرەوەی سنووری سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم خاڵانە دەبێ لە راگەیاندراوە سیاسییەکان و لێدوانە مێدیاییەکاندا رەنگ بداتەوە.

لە پراکتیکی سیاسیی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی، چ لە ئاستی ناوخۆی ئێران دا و چ لە ئاستی دیپلۆماتیکی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، لە هەردووک ئاستی یاسایی و سیاسیدا بەبێ رایی کردنی ئەو پێنج خاڵەی سەرەوە کورد ناتوانێ خاوەندارێتی کوردستانی لەسەر ورمێ یەکلا بکاتەوە. کەواتە ئەگەر بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان تەمای خاوەندارێتی ورمێی هەیە لە داهاتوودا پێویستە لە ئێستاوە پێشەکی و پێشنیازەکانی وەها خووەندارێتییەک جێبەجێ بکات. _🔴_ ئەوەی هەتا ئێستا سەبارەت بە پرسی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی ورمێ لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیستراوە، تەنیا پشت بە ئەزموونێکی مێژوویی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەبەستێت کە گوایە بە رێککەوتن لەگەڵ قیرقەی دیمەکراتیکی ئازەربایجان جێبەجێکراوە، بەڵام گەڕانەوە بۆ رووداوەکانی ئەو سەردەمە پێمان دەڵێ بەهیچ شێوەیەک پارێزگاری لە کوردستانیبوونی ورمێ و شارەکانی سەر بە ورمێ نەکراوە و جیا لەوەش روانگەی ئازەری سەبارەت بە ورمێ و شارەکانی سەر بە ورمێ پشت بە پشتیوانیی دەوڵەتانی ئازەربایجان، ئێران و تورکیا دەبەستێت و بەتەواوی دژە کوردستانین. کەواتە پێویستە بە روانینێکی ئەمڕۆیی و لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی کوردستانی هەوڵی نەخشاندنی داهاتووی سیاسی و نەتەوەیی ورمێ بدرێت.