ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانمافی خۆبڕیاردەری، سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاک
مافی خۆبڕیاردەری، سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاک، لە دەستووری کۆماری کوردستاندا؛ سێ چەمک و یەک…
مافی خۆبڕیاردەری، سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاک، لە دەستووری کۆماری کوردستاندا؛ سێ چەمک و یەک لۆژیک
لە زۆربەی دەستوورەکانی جیهاندا، چەمکەکانی وەک مافی خۆبڕیاردەری (Self-Determination)، سەروەریی نەتەوەیی (Sovereinty)و یەکپارچەیی خاک (Territorial Integrity) لە تەنیشت یەکدی دەبینرێن، بەڵام زۆربەی کات دوای جێگیربوونی دەوڵەت دەخرێنە ناو دەقی یاساییەوە. دەستووری کۆماری کوردستان لەم ڕووەوە بارودۆخێکی جیاوازی هەیە؛ لێرەدا ئەم سێ چەمکە نەک بۆ وەسفکردنی نەزمێکی هەیی، بەڵکوو بۆ پێناسکردنی بنەماکانی نەزمێکی سیاسیی لە پڕۆسەی دامەزراندندا بەکار هێنراون. هەر بۆیە، تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ئەم چەمکانە بەبێ سەرنجدان لە پێکهاتەی گشتیی دەقی دەستوورەکە ئەستەمە. لە بەشی "ڕاگەیاندران"(Declaration)ی دەستووری کۆماری کوردستاندا، یەکەم هەنگاو لەم پێناوەدا بە ناساندنی نەتەوەی کورد وەک یەکەیەکی سیاسی و مێژوویی هەڵدەگیرێت. ئەم بەشە تەنها پێشەکییەکی هێماین نییە، بەڵکوو چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ پێناسەکردنی سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی. کاتێک نەتەوەیەک وەک خاوەنی ئیرادەی سیاسی دەناسێنرێت، لە ڕاستیدا زەمینە یاساییە پێویستەکان بۆ خستنەڕووی مافی خۆبڕیاردەری دابین دەکرێت؛ ئەو مافەی کە لە درێژەی دەقەکەدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا مانا پەیدا دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دەقی دەستووردا نەک وەک بەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی کارگێڕی یان بڕیارێکی دەرەکی، بەڵکو وەک بەرهەمی ئیرادەی خەڵکی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەم جۆرە داڕشتنە، مافی بڕیاردان لە چارەنووس لە ئاستی ئەسڵێکی تیۆرییەوە بەرز دەکاتەوە و دەیکاتە بنەمای ڕەوایی بۆ پێکهاتەی سیاسیی داهاتوو. لێرەدا مافی خۆبڕیاردەری تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە چوارچێوەیەک بۆ پێناسەکردنی دەوڵەتی داهاتوو. لە درێژەی هەمان لۆژیکدا، دەستووری کۆماری کوردستان دەپەرژێتە سەر پرسی سەروەریی نیشتمانی. لە بنەما سەرەکییەکانی دەقەکەدا، ڕەوایی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئیرادەی هاووڵاتییان دەگەڕێنرێتەوە و پێکهاتەی حکومەت لەسەر بنەمای ئەم ئیرادەیە پێناسە کراوە. ئەم ئەسڵە دەریدەخات کە سەروەریی نەتەوەیی لەم دەستوورەدا نەک لە دامەزراوەکانی دەسەڵات، بەڵکو لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی سیاسیدا جێگیرە. بە واتایەکی تر، لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەت خاوەنی سەروەری نییە، بەڵکو جێبەجێکاری سەروەرییە. گرنگیی ئەم خاڵە ئەو کاتە ڕوونتر دەبێتەوە کە بیخەینە پاڵ پێکهاتەی گشتیی ئەو دەروازانەی کە پەیوەستن بە مافەکانی هاووڵاتیبوونەوە. لەم دەروازانەدا، هاووڵاتی وەک ئەندامێکی یەکسانی کۆمەڵگەی سیاسی دەناسێنرێت و کۆمەڵێک مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی بۆ ڕەچاو کراوە. ئەم پێناسەیە بۆ هاووڵاتی، دەریدەخات کە سەروەریی نەتەوەیی لەم دەستوورەدا تەنها ئەسڵێکی تیۆری نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی بەشداریی سیاسی و یەکسانیی یاسایی هاووڵاتییاندا بەکردەوە ڕەنگ دەداتەوە (دەروازەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییان).