ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندەروازەی یەکەم: مانیفێستی بوونناسانەی دەستووری کۆماری کوردستان
دەروازەی یەکەم، مانیفێستی بوونناسانەی دەستووری کۆماری کوردستان (شرۆڤەیەک لەسەر دەروازەی یەکەمی دەستووری کۆماری کوردستان) نووسەر: عەتا…
دەروازەی یەکەم، مانیفێستی بوونناسانەی دەستووری کۆماری کوردستان (شرۆڤەیەک لەسەر دەروازەی یەکەمی دەستووری کۆماری کوردستان) نووسەر: عەتا جەماڵی
لە سۆنگەیەکی قووڵی فەلسەفییەوە ئەگەر بڕوانین، «بوون» تەنیا زیندوومانەوە یان ئامادەیی فیزیکی لە جیهاندا نییە. بوون واتە ئەوەی کە بوونەوەرێک، پێگەی خۆی لە جیهاندا بدۆزێتەوە، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کات، خاک، زمان، یادەوەری و داهاتوودا ڕوون بکاتەوە، و بتوانێت خۆی نەک وەک شتێکی پەرتەوازە، بەڵکوو وەک بکەرێکی (سوژەیەکی) خاوەن مانا و ئاسۆ بناسێت. لە خوێندنەوەیەکی نزیک لە نەریتی هایدگهریدا، بوون هەمیشە جۆرێکە لە «لە-جیهاندا-بوون»؛ واتە هیچ بوونێک لە دەرەوەی جیهان، نیشتمان، زمان، مێژوو و دەرفەتەکانی داهاتوودا مانا پەیدا ناکات. بۆ نەتەوەیەکیش بە هەمان شێوەیە. نەتەوە تەنیا حەشیمەتێک لە تاکەکان نییە کە لە جوگرافیایەکدا دەژین. نەتەوە کاتێک بە مانای قووڵی وشەکە «هەیە» کە بتوانێت خۆی لە مێژوودا سەرلەنوێ بناسێتەوە، خاکی خۆی وەک نیشتمان مانا بکات، زمان و یادەوەریی خۆی بکاتە ئاسۆیەکی هاوبەش، و ئیرادەی خۆی لە قاڵبی دامەزراوە، یاسا و سەروەریدا بەرجەستە بکات. لەم ڕوانگەیەوە، دەوڵەتسازی تەنیا دروستکردنی فەرمانگە و دامەزراوە نییە؛ بەڵکوو گۆڕینی «بوونی پەرتەوازە»یە بۆ «بوونی سیاسی». ڕێک لێرەوە گرنگیی «دەروازەی یەکەم: بنەماکان و ناسنامە» لە دەستووری کۆماری کوردستاندا ڕوون دەبێتەوە. ئەم دەروازەیە ئەو شوێنەیە کە دەقەکە، شێوە بە بنەما فەرمییەکانی خۆی دەبەخشێت. دەستوور، لەم خاڵەدا هێشتا نەچووەتە ناو سازوکارەکانی حکومڕانی، دامەزراوەکانی ڕاپەڕاندن، دادگاکان، ئابووری، دیپلۆماسی یان مافەکانی هاوڵاتیبوون؛ بەڵکوو پێش هەموو ئەوانە، وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتیتر دەداتەوە: کوردستان چییە؟ نەتەوەی کورد کێیە؟ نیشتمان چ مانایەکی هەیە؟ سەروەری لە کوێوە دێت؟ و بۆچی کۆمار دەبێ شێوازی سیاسیی ئەم بوونە نیشتمانییە بێت؟ بۆیە دەبێ دەروازەی یەکەم وەک ئەو خاڵە دابنرێت کە دەستوور، کوردستان لە ئاستی یادەوەری، داخوازی و جوگرافیاوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی بنەمای حقوقی-نیشتمانیی کۆمار. ئەم دەروازەیە تەنیا چەند ماددەیەکی سەرەتایی نییە؛ یەکەمین فۆرموولەکردنی فەرمیی ئەو شتەیە کە تەواوی یاساکەی لەسەر بنیات دەنرێت: نەتەوە، نیشتمان، خاک، ئاڵا، سنوور، سەروەری و کۆمار (دەروازەی یەکەم: بنەماکان و ناسنامە، بەندەکانی ١ تا ٩، ل. ٢٣–٤١). لەو ڕوانگەیەوە، دەکرێت دەروازەی یەکەم وەک مانیفێستی بوونناسانەی دەستووری کۆماری کوردستان بناسرێت. مەبەست لە بوونناسانە ئەوەیە کە ئەم بەشە، پێش ئەوەی باسی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکات، باسی «بوون» دەکات: بوونی نەتەوە، بوونی نیشتمان، بوونی مافی سەروەری، و بوونی کۆمار وەک شێوازی سیاسیی ئەم مافە. ئەگەر بەشەکانی داهاتووی یاساکە دەربارەی دەوڵەت، دەسەڵات، ئاسایش، ئابووری و دیپلۆماسی بن، ئەوا دەروازەی یەکەم دەربارەی بنەمای هەموو ئەوانەیە. لە بەندی یەکەمدا، کوردستان تەنیا جوگرافیایەک نییە؛ وارگەی نەتەوەیە، واتە پێگەی مێژوویی، سیاسی و بوونناسانەی نەتەوەی کورد. ئەم دەستەواژەیە، پەیوەندیی نەتەوە و نیشتمان لە ئاستی نیشتەجێبوونی سادە بەرزتر دەکاتەوە. کوردستان تەنیا شوێنێک نییە کە کوردەکان تێیدا ژیابێتن؛ شوێنێکە کە تێیدا نەتەوەی کورد خاوەنی یادەوەری بووە، ئازاری چەشتووە، بەرگریی کردووە، شارستانییەتی خولقاندووە، و مانای بە مافی سەروەریی خۆی بەخشیوە (بەندی ١، ل. ٢٤–٢٧).