عەتا جەماڵی | سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداریلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداری
گەڕانەوە بۆ وتارەکان
ستراتیژی و دەوڵەتداری · AJ-0017٨ خولەک خوێندنەوە

تەڤگەری ئاپۆیی و ستراتیژیی نفووز

خوێندنەوەیەکی سیاسی لە ستراتیژیی نفووز، شێوازی خۆگونجاندن لەگەڵ مەیدانی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە زانستی سیاسیدا بە شێوازێکی کاری سیاسی دەوترێت کە تێیدا لایەنێکی سیاسی، لە ڕێگەی چوونە ناو بازنەی کاریگەریی لایەن یان لایەنگەلێکی دیکە و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەدەبیات و داخوازییەکانی و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگەی ئامانج، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی فراوان بکات و بەبێ ئاشکراکردنی هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی، کاریگەری لەسەر ئاراستەی بڕیار و هەڵوێستی سیاسیی ئەو کۆمەڵگەیە دابنێت.

تەڤگەری ئاپۆیی، وەک پرۆژەیەکی بە ڕەچەڵەک تورکی بە جلی کوردییەوە بۆ بەئاکام گەیاندنی خەونی سەت ساڵەی (میساقی میللی)، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هەموو جوگرافیای مێژوویی میساقی میللی و جوگرافیای فراوانکراوی ئەمڕۆی ئەو پرۆژەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێویستیی بە ستراتیژییەکی نفووز هەیە کە بەگوێرەی تایبەتمەندییە تایبەتەکانی مەیدانی سیاسیی بەشە جیاوازەکانی کوردستان خۆی ڕەنگ بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەکی بە دابڕان لە بنەمای سەرەکی (پەیماننامەی کەجەکە) هەبێت. وەک وەرزێڕێک کە لە شوێنێکی نەرمەڵان بە پێمەڕە و لە شوێنێکی بەردەڵان بە قوڵنگ زەوی هەڵدریت، بەڵام لە کۆتاییدا وەرزێڕە و ئامانجی تێرکردنی خۆیەتی.

ستراتیژیی نفووز پێویستیی بە ناسیارییەکی ئەوتۆ لەو مەیدانە سیاسییە و لەو کۆمەڵگەیەدا هەیە کە تەڤگەری ئاپۆیی تەمایەتی خۆی تێبخزێنێت. ئەمەش نەک بە هەمان میکانیزمی ڕەسەنی خودی تەڤگەر، کە میکانیزمی ڕاهاتن و پێکهاتن لەگەڵ دەوڵەتەکانە، بەڵکوو بە میکانیزمی ڕەسەنی خودی کۆمەڵگەکە کە لەسەر بنەمای چەشنێک لە ڕەوایی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەبێ ئەو کارە بکات.

لەبەر ئەوەی ڕەوایی حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک لەسەر بنەمای ڕەسەنایەتیی ویست و پرۆژەی سیاسیی حیزبەکان بەڵکوو پشت بە مێژووی سۆز و خوێن دەبەستێت، تەڤگەر هەوڵ دەدات هەم لەڕێگای نمایشی خوێن، سۆز بچنێتەوە و هەم لەسەر بنەمای خووگرتنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک بە ستراتیژیی پێناسەکراوی سیاسی-نەتەوەیی بەڵکوو بە سیاسەتی زارەکیی ڕۆژانە و دیپلۆماسیی مێدیایی، هەوڵ دەدات بە گونجاندنی سیاسەتی زارەکیی ڕۆژانەی خۆی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە و قسە کردن بە زمانی نزیک لەوان، پێشان بدات کە پەیماننامەی کەجەکە، دەقە ئاییدیۆلۆژیکەکانی ئۆجالان، پرۆژەی ناوچەی بێتیرۆر و میساقی میللی، ئەگەرچی بنەمای وجوودیی پژاکن بەڵام، لەپێناو یەکڕیزی، لەگەڵ سەربەخۆیی، فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی و ئێرانی دیموکراتیکیش هیچ کێشەی نییە.

وەها لێدوانگەلێک، هاوکات لەگەڵ ئەوەی چەشنێک لە نیانی و کێشمانی بوون لە پژاک پێشانی خەڵک دەدات، تایبەتمەندییەکی بەهێزتر لە سۆنگەی پۆپۆلیستییەوە دەبەخشێت بە پژاک کە هیچکام لە حیزبەکانی دیکە نییانە لەبەر ئەوەی بەدرێژایی ساڵان و لە ئێستاشدا بەڕادەیەکی زۆر پێداگرن لەسەر بەرنامەگەلی پەسەندکراوی خۆیان و نەگونجان لەگەڵ بەرنامەی حیزبەکانی تەنیشتی خۆیان مەگەر بە مەرجی پێکهاتن لەسەر لانیکەمە هاوبەشەکان.

ئەم هەوڵەی پژاک هاوکات لەوەی چەشنێک لە ئاڵەنگاری ڕووبەڕووی حیزبەکانی دیکە دەکاتەوە، لە ستراتیژیی نفووزی خۆیدا ئیمکانی ڕەخساندنی مەیدانێکی فراوانتریشی بۆ دەخوڵقێنێت.

پژاک وەک بەشێک لە کەجەکە و تەڤگەری ئاپۆیی لەبنەڕەتەوە، هەم بەگوێرەی ئەزموونی مێژوویی و هەم پشت بە بنەمای ئایدیۆلۆژیکی خۆی ناچار بە هیچ بەڵێن و هاوکاری و هاوپەیمانییەک نابینێت و لە هەموو دەرفەتەکان تەنیا لەپیناو ئامانجی کەجەکە و تەڤگەر (میساقی میللی) کەڵک وەردەگرێت.

بۆیە خوێندنەوەی ستراتیژیی نفووزی تەڤگەر لەڕێگەی پژاکەوە هەم پێویستیی بە وریاییەکی پشت ئەستوور بە تەڤگەرناسی هەیە و هەم پێویستی بە ڕێژەیەک لە ژیریی سیاسی هەیە کە نەک لە سۆنگەی سیاسەتی حیزبییەوە بەڵکوو لە سۆنگەی نەتەوە و زەروورەتی نەتەوەییەوە لە دۆخی ئەمڕۆ بەرەو داهاتووی کوردستان بڕوانێت.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە ستراتیژیی نفووز هەمیشە، لە هەموو کات و لە هەموو دۆخێکدا بە یەک شێوە کار ناکات، بەڵکوو دۆخی تایبەتی ئێستای کوردستان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وەها لە پژاک دەخوازێ، بەم چەشنە یاری بکات.