عەتا جەماڵی | سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداریلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
ماڵپەڕی عەتا جەماڵیلە پێناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان
سەروەریی نەتەوەیی · نەتەوەسازی · دەوڵەتداری
گەڕانەوە بۆ وتارەکان
دەستوور · AJ-0010٣ خولەک خوێندنەوە

دەستووری کۆماری کوردستان و ئیرادەی مێژوویی نەتەوە

"دەستووری کۆماری کوردستان" وەک دەرکەوتەی ئیرادەی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ "هەبوون"، یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی مێژووی کوردستان. دەفری گواستنەوەی نەتەوەی کوردە لە بیرەوەری و نەریت و زمانەوە بەرەو دەقێکی قابیلی دانپێدانان و ناسینەوە.…

"دەستووری کۆماری کوردستان" وەک دەرکەوتەی ئیرادەی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ "هەبوون"، یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی مێژووی کوردستان. دەفری گواستنەوەی نەتەوەی کوردە لە بیرەوەری و نەریت و زمانەوە بەرەو دەقێکی قابیلی دانپێدانان و ناسینەوە. "دەستووری کۆماری کوردستان" پردی پەڕینەوەیە لە "بوون لەناو خۆدا" بەرەو "بوون لەپێناو خۆدا". ئەو دیمەنە داڕێژراوەیە کە ئیمکانی ناسینەوە لەلایەن ئەوانی ترەوە دەستەبەر دەکات. ئەگەر "دەوڵەت" هەمان جەستەی وەدیهاتووی نەتەوە بێت، دەستوور، ڕۆحی ئەو جەستەیەیە. ڕۆحێکی گشتی کە هەموو پارچە لێکدابڕاوەکان لێک هەڵدەپێکێ و دەیکاتە یەک هەبوونی یەکانگیر. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کوردستان، دەستوور بەرهەمی ئیرادەی دەوڵەت نییە بەڵکوو لە خۆیدا "کردەیەکی دامەزرێنەر"ە، بەو مانایە کە لە درێژەی خەبات و تێکۆشان لەپێناو سەربەخۆیی دا، لەلایەکەوە شەرعیەتی پێناسەی نەتەوەی کورد لە هەر دەوڵەتێکی دیکە دەستێنێتەوە و لەلایەکی دیکەوە وەک چوارچێوەیەکی سیاسی-حقووقی، ڕوونترین و ئاشکراترین وەڵام بۆ پرسیاری "ئێمە کێین؟" دەستەبەر دەکات. ئەگەر ویستی نەتەوەبوون، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت هەتا ئێستا وەک ویستێکی تاکەکەسی و لەسەر بنەمای جۆرێک لە ئینتزاع و خەیاڵی نەتەوەیی دەربڕدرابێت، دەستووری کۆماری کوردستان وەک دامەزراوەیەک، کوردستانیبوون دەکاتە ئیمکانێکی مادی بۆ هەر تاکێکی کورد بە هەر تایبەتمەندی، ڕەگەز، مەیل و حەز، ویست و ئارەزوو و خەیاڵ و ئاوەزێکەوە کە دەتوانێت بەهۆیەوە وێنای "کۆ-بوون" بە تەنیشتی تاکەکانی دیکەی کوردەوە ئەزموون بکات. دەقی دەستووری کۆماری کوردستان بەرهەمی زەینی خۆبەرپرسیارکەر و دەروەست و کوردستانیی هاوبیری زۆر خۆشەویستم کاک مانی ڕەحیمی و تیمێکی بەهێزی پسپۆڕی یاسایی، دوکتۆر حەسەن مستەفا، دوکتۆر برایم مەلازادە و خاتوو ئەلەند ئیبراهیم-ی زۆر هێژایە کە دەزانم چیها ئەرکی ورد و بەنرخی پێوە کێشراوە. لەلایەن خۆمەوە پیرۆزبایی لە هەموو تاکێکی کورد لە هەرشوێنێکی کوردستان و جیهان دەکەم کە لەمەبەولا بە شانازییەوە خۆیان بە نەتەوەیەکی خاوەن دەستوور بزانن و دەستووری کۆماری کوردستان بکەن بە بنەمای پێناسەکردنی خۆیان و هەر ئەوەش بکەن بە بنەمای ئاکار و کرداری بەرەو داهاتوویان لەپێناو کورد و کوردستان دا.